Section 11, Song of Myself

لە کەنارێکدا بیستوهەشت لاو مەلە دەکەن،
بیستوهەشت لاوی زۆر تەبا؛
لەولاش بیستوهەشت ساڵ ژیان، ژیانی تەنیاییی ژنێک.
ژنەکە، لەسەر هەورازێکی کەنار، خانوویەکی ژیکەلەی هەیە،
جوانە، تەڕپۆشە،
لەپشت پەردەی پەنجەرەیەک خۆی مەڵاس داوە.
تۆ بڵێی، کام لاوچاک لە هەمووان پتر دڵخوازی بێ؟
بۆ ئەو جوانترینیان سادەترینیانە.
بۆ کوێ، خاتوون، بۆ کوێ؟
دەتبینم، لەگەڵ ئەواندا شڵپە لە ئاو هەڵدەستێنی،
هەرچەند لەپشت پەنجەرەی ژوورەکەشت دانیشتووی.
ئەوەتا، مەلەوانی بیستونۆیەم دەبینم،
بە دەم پێکەنین و سەماوە، بە لێواری دەریادا دەڕوا،
لاوەکان ئەم نابینن،
بەڵام ئەم ئەوان دەبینێ و هەموویانی دەوێ.
ڕدێنی لاوەکان لەبەر تیشکی ئاو دەبریسکانەوە،
ئاو لە قژی درێژیان دەچۆڕایەوە،
چۆڕاوگەی بچکۆڵانە بە هەموو جەستەیاندا ڕێچکەی بەستبوو.
دەستێکی پەنهان بە سەرتاپای لەشیاندا دەهات،
دەستەکە دەلەرزی و پێیاندا دەهاتە خوارەوە،
بە لاجانگ و پەراسووەکانیاندا...
لاوەکان ئێستا پشتەمەلە دەکەن،
زگی سپیوسۆڵیان داوەتە بەر خۆر،
دەربەستی ئەوە نین، کێیە ئاوا توند خۆی پێیانەوە دەنووسێنێ،
نازانن، کێیە ئاوا دەپڕمێنێ و
چەشنی تاقێکی هەڵواسراو دەچەمێتەوە،
هزریش ناکەن، ئەوان خۆیان ئاو بە کێدا هەڵدەپرژێنن.