قه‌ت پێشتر سه‌ره‌تایه‌ک نه‌بووه وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستا،
قەت پێشتر لاوی و پیری وه‌ک ئێستا نەبوونە،
قه‌ت پێشتر بێخەوشی وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستا نه‌بووه،
قەتیش پێشتر به‌هه‌شت و دۆزەخ وەک ئێستا نەبوونە.
ئەلها و ئەلها و ئەلها،
ئەلهای ئەزەلیی گه‌ردوون بۆ خوڵقاندن.
دوو که‌سی جیاوازی یه‌کسان
له تاریکییه‌وه دێنه ده‌رێ و بۆ پێشه‌وه ته‌کان ده‌ده‌ن،
هه‌میشەیین جه‌سته و زاوزێ و سێکس،
هه‌میشه‌ییه تانوپۆی جیاوازی و یه‌کسانی،
هه‌میشه‌ییه چه‌که‌ره‌کردنی ژیان.
زۆرگۆیی بێهووده‌یه،
زانا و نه‌زان هه‌ست به‌مه ده‌که‌ن.
دڵنیام و له دڵنیاش دڵنیاترم،
که من و ئه‌و نهێنییه،
قیت و جێگیر لە ڕووناکیدا،
وه‌ک جووتێک هەسپی خورت و غلوور، میهره‌بان، نه‌فسبڵند، کاره‌بایی،
توند بە یەکترەوە چەسپاوین.
گیانی خۆم زەلال و شیرینه،
ئه‌و گیانه‌ش زەلال و شیرینه که هی من نیه.
ئه‌وه‌ی یه‌کێکی نه‌بێ ئه‌وی تریشی نییه،
نه‌بینراو بە بینراو دەسەلمێ،
تا ئەو ساتەی بینراوه‌کە خۆشی ده‌بێته نه‌بینراو و
نۆره‌ی سەلماندنی دێ.
به نیشاندانی باشترین و جوداکردنه‌وه‌ی له خراپترین
چاخێک چاخێکی دی ده‌هارووژێنێ.
ده‌زانم هه‌موو شته‌کان لە پۆپەی تەبایی و هاوسەنگیدان،
بۆیێ له کاتێکا خه‌ڵکی دی سه‌رگه‌رمی مشتومڕن،
من به‌بێده‌نگی ده‌چم مه‌له ده‌که‌م و
چێژ لە بینینی خۆم وەردەگرم.
خۆشحاڵم به بینینی هه‌ر ئه‌ندامێکی له‌شی خۆم،
یا له‌شی پاک و ته‌ندروستی هه‌ر که‌سێکی دی،
خۆ هیچ ئینجێک، یا پاژی ئینجێکی له‌ش نییه گەمار بێ،
یا له‌وانی دی که‌متر خۆشه‌ویست بێ.
من قایلم به‌وه‌ی هه‌یه -
;دەبینم، سه‌ما ده‌که‌م، پێده‌که‌نم، گۆرانی ده‌ڵێم
که دۆسته‌که‌م ئامێزم تێ وه‌ردێنێ و
به‌درێژاییی شه‌و له‌گه‌ڵم راده‌کشێ و
به‌یانی زووش به‌پێدزه ده‌ڕوا و
سه‌به‌ته‌یه‌کی لێوانلێوی په‌ڕۆی سپیم بۆ جێده‌هێڵێ؟
چما دەشێ خۆم لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بگنخێنم و
چاوی خۆم سه‌رزه‌نشت بکه‌م،
که ته‌ماشای ڕۆیشتنی ئازیزه‌که‌م ده‌کا و
جیاوازیی نرخی ڕاسته‌قینه‌ی ته‌نیایی و پێکه‌وه‌بوون ده‌خه‌ملێنێ؟