Section 4, سروودێك بۆ خۆم

ڕێبواران و زۆرپرسان دەورەیان داوم،
ئەوانەی دەیانبینم،
کاریگەریی ژیانی زووم، یا گەڕەک و شار و گەلەکەم لەسەرم،
دوا بۆنەکان، نوێدۆزییەکان، داهێنانەکان، کۆمەڵگەکان،
نووسەرە کۆن و نوێیەکان،
ئێوارەخوانم، جلوبەرگم، دۆستەکانم،
بۆچوونەکانم، ستایشەکانم، ئەرکەکانم،
دەربەستبوونە ڕاستەقینە یا خەیاڵییەکانی ئەو ژنانەی،
یا ئەو پیاوانەی ئەڤینداریانم،
نەساغیی خۆم یا یەکێک لە نێزیکەکانم،
بەدکاری، پارەبەفیڕۆدان یا بێپارەیی،
دڵتوندی یا شاگەشکەبوونەکان،
شەڕەکان، ترسناکیی براکوژی، تای دەنگوباسە گوماناوییەکان،
ڕووداوە پچڕپچڕەکان -
ئەمانە هەموویان، شەو و ڕۆژ،
دیسان و دیسان بەرەوڕووم دەبنەوە و تێدەپەڕن،
بەڵام ئەمانە هیچیان (من) نین،
هۆ لەولا، دوور لەو بگرەوبەردەیە، (من) وەستاوە،
کەیفخۆش، بەخۆخوڕ، میهرەبان، سەرسووک، یەکتا،
تەماشای خوارێ دەکا،
قیت وەستاوە یا ڕووی وەرچەرخاندووە و
بۆ وچانگرتن باسکی نووشتاوەی خۆی
بە پشتەوانێکی نابەرجەستەی مسۆگەر کردووە،
سەری خۆی لار کردۆتەوە و مڵومۆی پێشهاتەکان دەکا.
ئەو، لەناو گەمەکە بێ یا لە دەرەوەی،
سەیری دەکا و پێی سەرسام دەبێ.
ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەمەوە،
ئەو ڕۆژانە دەبینم،
کە لەناو تەمومژدا
مشتومڕ لەگەڵ زمانناس و غەنیمەکانم ئارەقەی پێ دەردەدام،
ئێستا نە گاڵتەم پێیان دێ، نە هیچیان پێ دەسەلمێنم،
تەنیا دەبمە گەواهیدەر و چاوەڕێ دەکەم.

Languages and Sections